به‌بۆنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی 8 مارس رۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی ژن، به‌ناوی پارتی ئازادیی کوردستانه‌وه، پیرۆزباییه‌کی گه‌رم پێشکه‌شی ژنانی کوردستان و ناوچه‌که و جیهان ده‌که‌م.
ئه‌م بۆنه‌یه جارێکی دیکه ئه‌و ده‌رفه‌ته پێکدێنێته‌وه که مرۆڤایه‌تی پێشکه‌تنخواز سه‌رنج به بار و دۆخ و ماف و ئه‌رکه‌کانی ژن بدا، ژنان له‌سه‌ر مافه ره‌واکانیان پێداگرنه‌وه و پیاوانی پێشکه‌توو و مرۆڤپه‌روه‌ریش هاوکار و یارمه‌تیده‌ر بن.
هه‌رچه‌ن 8 مارس و رۆژی ژن، پرسێکی نێونه‌ته‌وه‌ییه و تایبه‌ت به ژنانی هیچ نه‌ته‌وه و وڵاتێک نییه، به‌ڵام قۆناخی ژیانی کۆمه‌ڵگاکان، ئاستی پێشکه‌وتنی نه‌ته‌وه‌کان و باروودۆخی سیاسیی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییان، کولتور و داب و نه‌ریته‌کانیان، ژیان و هه‌لومه‌رجی ژنی هه‌رکام له‌وانی جیاواز و تایبه‌تمه‌ند کردووه. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌رک و هه‌لومه‌رج و چۆنیه‌تی خه‌بات و ته‌نانه‌ت ویست و داخوازه‌کانیان جیاوازیی خۆی هه‌یه.
ئه‌وه‌نده‌ی که بۆ ژنی کورد ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌توانین شانازیی به‌وه‌وه بکه‌ین که ژنی کورد له‌نێو کۆمه‌ڵگای کوردستاندا، له کۆنه‌وه خاوه‌ن رێز و پێگه‌ی به‌رزبووه. هه‌ربۆیه‌ش له مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا ژماره‌یه‌ک ژنی هه‌ڵکه‌وتوو ده‌بینین. به‌و حاڵه‌شه‌وه هێندێک داب و نه‌ریتی خراپ ئازاری ژنی داوه و مافه ره‌واکانی پێشێل کردوون که ئێستا ئیتر به‌سه‌رچوون و زۆر به ده‌گمه‌ن ده‌بیندرێن. پارتی ئازادیی کوردستان له‌م پێوه‌ندییه‌دا پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێ که هیچ مۆدێلێکی هاورده ناتوانێ به‌خته‌وه‌ریی بۆ ژنی کورد به دیاریی بێنێ و ئازادیی و به‌خته‌وه‌ریی ژنی کورد له گره‌وی گه‌شه‌ی سروشتی و پێشکه‌وتنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدایه.
هه‌روه‌ها ژنی کورد له مه‌یدانه‌کانی کار و خه‌باتدا شانبه‌شانی پیاوی کورد خه‌باتی کردووه و هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌مهێنه‌ر و چالاک بووه. بۆیه شایسته‌ی ئه‌وه‌یه هه‌موو مافێکی وه‌ک یه‌ک و یه‌کسان له‌گه‌ڵ پیاوی هه‌بێ و هه‌ر جۆره هه‌ڵاواردن و نابه‌رابه‌رییه‌ک هه‌ڵبگیرێ. به‌ڵام له عه‌ینی کاتدا ئێمه ژن و پیاو به ته‌واوکه‌ری یه‌کتر ده‌زانین و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین که ژن و پیاو له به‌رانبه‌ر یه‌کتردا رابگیرێن و به دژبه‌ری یه‌کتر دابندرێن.
روون و ئاشکرایه که له‌مپه‌ڕی سه‌ره‌کیی له رێگای دابینکرانی ماف و ئازادییه ره‌واکانی ژنی کورد، بنده‌ستی نه‌ته‌وه‌ی کورد و داگیرکراوی نیشتمانه‌که‌مانه. له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا، بزوتنه‌وه‌ی ئازادیبه‌خشی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان، خاوه‌نی خه‌سڵه‌ت و ناوه‌ڕۆکی دیمۆکراتییه که ماف و ئازادییه‌کانی ژنی له‌خۆگرتووه. بۆیه خه‌بات بۆ رادانی داگیرکه‌ر له وڵات و وه‌دیهێنانی سه‌روه‌ریی سیاسیی، ئه‌رکی هاوبه‌شی ژن و پیاوی کورده و له‌گه‌ڵ وه‌دیهێنانی مافه تایبه‌تییه‌کانی ژن ئاوێته‌بووه.
له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا بۆ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی، ژنی کورد شوێنێکی دیاری هه‌یه. ژنانی خه‌باتگێڕی کورد چ له خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌دا و چ له خه‌باتی سیاسی و خه‌باتی نهێنی و ئاشکرای نێو شاره‌کاندا و چ له چالاکییه مه‌ده‌نییه‌کاندا، ده‌ورێک ده‌گێڕن که شیاوی شانازی پێوه‌کردنه. هاوکات، فیداکاری و قوربانییه‌کانی ژنی کورد له هه‌رکام له‌و گۆڕه‌پانانه‌دا دیار و به‌رچاون.
ئه‌م بۆنه‌یه به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانم که سڵاو بنێرم بۆ ژنانی خه‌باتگێڕی کورد، بۆ شه‌هیدانی ژن، بۆ ئه‌وانه‌ی له ئه‌شکه‌نجه‌گاکانی کۆماری ئیسلامی‌دان، بۆ ئه‌وانه‌ی له ریزه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و هه‌ر گۆره‌پانێکی دیکه‌ی خه‌بات دان.
ئێمه ژنانی نه‌ته‌وه‌که‌مان دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه که هه‌روه‌ک چۆن له خه‌بات بۆ ئازادیی وڵات و وه‌دیهێنانی سه‌روه‌ریی سیاسیی‌دا، ئه‌وان هاوشان و هاوخه‌باتمانن، ئێمه‌ش له خه‌بات بۆ وه‌دیهێنان و ده‌سته‌به‌رکردنی مافه تایبه‌تییه‌کانی ئه‌واندا، هاوڕێ و هاوخه‌باتیانین.
پیرۆزبێ 8 مارس، له دایکان، خوشکان و کچانی کوردستان.
عه‌لی قازی محه‌مه‌د
سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستان
8 مارسی 2010